فیتنەی خەلقی قورئان

فیتنەی خەلقی قورئان یاخود هەندێکی تر بە "میحنەتی خەلقی قورئان" ناوی دەبەن، بریتیە لە بیروباوەڕێک لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفەی عەبباسی "مەئمون" بڵاوبوەوە لەلایەن گروپی موعتەزیلە کە باوەڕیان وابوو قورئان مەخلوقە یان کەلامی خوا مەخلوقە (دروستکراوە)، ئەمەش وتەیەک بوو جەهمی کوڕی سەفوان دایهێنا، بۆیە خەلیفەی عەبباسی "مەئمون" بەم بیروباوەڕە قەناعەتی کرد و فەرمانی دا بە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی خەلقی قورئان و دوورخستنەوەی ئەو دادوەر و قازییانەی بەم بیروباوەڕە ڕازی نابن، بەم هۆیەوە زۆرێک لە زانایان تووشی ئەشکەنجە و ئازاردان بوونەوە لەوانە ئەحمەدی کوڕی حەنبەل کە بەرگەی ئازار و ئەشکەنجەدانێکی زۆری گرت و بەدرێژایی دەسەڵاتی "مەئمون " لە ئازار و ئەشکەنجەدا بوو، تاکو دواتر لە ماوەی دەسەڵاتی خەلیفەی عەبباسی "المتوكل" ئازاد کرا.
فیتنەی خەلقی قورئان

هۆکار و مێژووی دروستبوونی

لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسیەکان موعتەزیلەکان زۆر نزیک بوون لە دەسەڵاتدارانی عەباسیەکانەوە بەم هۆیەوە توانیان بیروباوەڕی و ڕاوبۆچوونی خۆیان بسەپێنن بەسەر خەڵکیدا بە زەبری هێز و لەلایەن دەسەڵاتدارانە، بۆیە لە ساڵی ٢١٨ ـی کۆچی خەلیفەی عەبباسی "مەئمون" بیروباوەڕی خەلقی قورئانی بڵاوکردەوە وە ئەم بیروباوەڕەیان لەسەر بنەمای فەلسەفی بنیاد نرابوو، وە هەرکەسێک ئەم بیروبۆچوونەی ڕەت بکردایەتەوە ئەوا تووشی ئەشکەنجە و زیندانی کردن دەهات، وە بەم شێوەیە فیتنەکە هەر بەردەوام بوو لە سەردەمی "المعتصم بالله" و "والواثق بالله"، تاکو "المتوكل على الله" هاتە سەر حوکم کۆتایی بە فیتنەکە هێنا.
مەئمون چەندین ناوەند و مەدرەسەی دروستکردبوو لەسەر بنچینەی فەلسەفەی ئەرستۆ و ئەفلاتوون، وە لەو مەدرەسانەدا کتێبەکە فەلسەفە یۆنانییەکان وەردەگێڕدرا بۆ سەر زمانی عەرەبی، ئەمە لەلایەک لەلایەکی ترەوە دەرکەوتنی موعتەزیلەکان کە خۆیان بە پێشەنگی نوێخوازەکان دادەنا، هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ دروستبوونی فیتنەی خەلقی قورئان.

مەبەست چی بوو لە خەلقی قورئان؟

مەبەست لە خەلقی قورئان ئەوەیە کە پێیان وایە قورئان مەخلوقە (دروستکراوە) و وەکو دروستکراوەکانی تر دروست کراوە و کەلامی خوا نیە