فیتنەی مەسیحی دەججال
ئەو شوێنانەی كە دەججال نایانگاتێ
پێغەمبەری خوا صَلَّ اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی:
هیچ شوێنێك نامێنێت لە سەر زەوی ئیللا بە سەریدا دەڕوات و تیایدا دەردەكەوێت، تەنها چوار شوێن نەبێت:
(مزگەوتی مەككە، مزگەوتی مەدینە، كێوی طور، مزگەوتی أقصی).
وەكە بیەوێت لە هەر ڕێبازو كەلێنێكی مەككەو مەدینەوە بچێتە ژوورەوە، ئەوا مەلائیكە بە شمشێری دەركێشراوی ئامادەوە بەر پەرچی دەدەنەوە.
وە هیچ شارێك نامێنێت ئیللا ترسی مەسیحی دەججال دەیگاتێ، تەنها مەدینە نەبێت، كە ئەو كاتە حەوت دەرگای دەبێت و لەسەر هەر دەروازەیەكی دوو فریشتە پاسەوانی دەكەن و مەترسی مەسیحی دەججال ڕەت دەكەنەوە، تاوەكو دەگاتە لای زەویە ڕووكەش خوێیاوكەكەی (جُرف)، كە شوێنێكە لە پشت كێوی ئوحد، لەوێ دادەبەزێت و تارمەیەك (كەپرێك) بۆ خۆی دروست دەكات.
وە شاری مەدینە سێ لەرزەی تێ دەكەوێت كە خەڵكی دێتە هەژان و لەرزان، ئەو كاتە هیچ مونافیقێكی پیاوو ژن نامێنێت ئیللا لە شار دەچێتە دەرەوە بۆ لای دەججال، وە شاری مەدینە مرۆڤە پیسەكانی فڕێ دەداتە دەرەوە بەرەو دەججال هەروەكو چۆن كوورەی ئاسن چڵكو ژەنگو پیسی ئاسن فڕێ دەداتو پاكی دەكاتەوە، ئەو ڕۆژەش ئاوا مەدینە پاك دەبێتەوە و بەو ڕۆژە دەووترێت ڕۆژی پاك بوونەوەو پاڵاوتن، وە زۆربەی ئەوانەی دەچنە دەرەوە بۆ لای دەججال لە ئافرەتانن.
پیاوێكی گەنج لە بڕوادارانن كە لە باشترینی یانە لەو ڕۆژەدا دەڕوات بەرەو دەججال وە پاسەوانە چەكدارەكانی دەججال بەرەو ڕووی دەبنەوەو پێی دەڵێن: بەرەو كوێت مەبەستە؟.
دەڵێت: بەرەو ئەوەی كە دەركەوتووە (واتە بەرەو دەججال).
پێی دەڵێن: ئەوە تۆ ئیمان ناهێنی بە پەروەردگارمان؟.
دەڵێت: پەروەردگاری ئێمە ونو نادیارو نەناسراو نییە (ما بِرَبِّنا خَفاءٌ).
دەڵێن: بیكوژن.
ئەو جار هەندێكیان بە هەندێكیان دەڵێن: ئەی پەروەردگارتان قەدەغەی نەكرد لێتان كەكەس بكوژن بێ ئەو؟. واتە پێش ئاگاداری ئەو؟. ئەو كاتە دەیبەن بۆ لای دەججال، وە كە دەججالی بینی دەڵێت: ئەی خەڵكینە، شاهیدی دەدەم كە ئەمەیە ئەو دەججالەی كە پێغەمبەر صَلَّ اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بۆی باس كردووین.
ئەو كاتە دەججال ئەمر دەكات درێژی بكەن بۆ لێدان، وەپشت و سكی لێك دەكێشنەوە بە لێدان (واتە زۆری لێ دەدەن تا پشتی نەرم دەبێتو وەك پێستەیەك بە لێدان لێك دەكشێت و تەخت دەبێت لەگەڵ زەوێدا ). ئەو كاتە پێی دەڵێت: ئێستا ئیمانم پێ ناهێنێت؟..
دەڵێت: تۆ مەسیحی دەججالیت.
دەججال بە شوێن كەوتوەكانی خۆی دەڵێت: ئەگەر بیكوژمو دوایی زیندوی بكەمەوە گومانتان دەمێنێ بەخوایەتی من؟.
دەڵێن: نەخێر.
ئەو جار فەرمان دەكاتو بەمشار لە ناوەڕاستی سەریەوە تا دوو لاقەكانی لێك جیا دەكرێتەوەو، دەیكاتە دوو پارچەو لێكیان دوور دەخاتەوە، وە خۆی بە نێوان هەردوو پارچەكەدا دەڕوات، لە دواییشدا بە دوو بەشەكە دەڵێت: هەستەوە.
ئەویش دێتەوە یەك و دروست دەبێتەوەو ڕاست دەبێتەوە وەكو جاران. لە پاشان بانگی دەكات، ئەویش بۆ لای دێت بە ڕوویەكی گەشاوەو درەوشاوە پێدەكەنێ، ئەو جار پێی دەڵێت: ئێستا ئیمانم پێ دەهێنیت؟.
ئەویش دەڵێت: سوێند بەخوا زیاتر دڵنیایم بۆ زیاد بوو لە سەر بیروباوەڕی پێشووم سەبارەت بە تۆ، ئەوجار گەنجەكە دەڵێت: ئەی خەڵكینە لە دوای من دەججال ناتوانێ وا لە كەس بكات.
دەججالیش دەیگرێت بۆ ئەوەی سەری ببڕێت، بەڵام بە مس لە گەردنی تا ئێسقانی چۆڵەمەی سینكی دەبەسترێت، لەبەر ئەوە توانای سەربڕینی نابێت، وە دوو دەستو دوو قاچەكانی دەگرێتو فڕێی دەدات، وە خەڵكی وا حیساب دەكەن كە فڕێی داوەتە ناو ئاگر، بەڵام لە ڕاستی دا فڕێ دراوەتە ناو بەهەشتەوە، وە ئەوە شەهیدیەكەی لە هەموو خەڵكی گەورە ترە لای پەروەردگار.
دوای ئەوە مەلائیكەت ڕووی پێ وەر دەگێڕن بەرەو شام لە پاشان دێت بۆ كێوی (إيليا)، وە لەوێ دەورەی كۆمەڵێك لە موسوڵمانان دەدات، موسڵمانەكان تووشی ناڕەحەتیەكی زۆر توند دەبن. وە خەڵكی لە دەججال ڕادەكەن بۆ ناو كێوەكان.
وە پێشەوای موسڵمانەكان(١) پێیان دەڵێت: چ چاوەڕێی ئەو زێدەڕەوە دەكەن؟! مەگەر بجەنگن دژی تا دەگەن بەخوا (واتە شەهید دەبن)، یان سەرتان دەخاتو ڕزگارتان دەكات لێی.
وە پێشەوای موسڵمانەكان پێش دەكەوێت بۆ پێش نوێژی.
(١) پێغەمبەری خوا صَلَّ اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: پێشەوای موسڵمانان پیاوێكی چاكەو لە ئەهلی خۆمە (أهل البيت)، لە نەوەی (فاطمة) یە، خوای گەورە لە شەوێكدا ئامادەی دەكات بۆ پێشەوایەتی كردنی موسڵمانان. ناوی خۆی وەكو ناوی من وایە، ناوی باوكیشی وەكو ناوی باوكم وایە. نێوچاوان فراوانە… زەوی پڕ دەكات لە عەدالەتو دادپەروەری هەروەك چۆن پڕ بوو لە زوڵم و ستەم. وە حەوت ساڵ حوكم دەكات. [ئەو پێشەوایە عادلە ئیمامی مەهدییە كە ناوی (محمدى كورِى عبدالله)یەو لە نەوەی حەسەنی كوڕی ئیمام عەلییە ڕەزای خوایان لێ بێت].