بە دڵنیاییەوە ئەو ڕۆژە دێت

بە دڵنیاییەوە ئەو ڕۆژە دێت

بەڵێ ئەو ڕۆژە دێت كەپەردەی غەیب لەپێش چاوانت لائەبەن، فریشتەی مەرگ (ملك الموت) بە هەیبەتەوە بۆ كێشانی ڕۆحی تۆ دادەبەزێ، بەڵێ بیر لەو ساتە بكەوە كەچۆن پێڵوی چاوەكانت بۆ هەمیشەیی لەسەریەك دابنرێن وە لاشەو جەستەی بێ جوو‌ڵەو وشك بووی (جامدی) تۆ بۆ شوێنی مردوو شۆران ببەن ئەو ڕۆژە تۆ هیچ توانات بەسەر لاشەی خۆتدا نابێت، كەسانی تر ئەتشۆن.
ئەو ڕۆژە دێت كە كفنت لەبەركەن و جلی فەخرو فیز و جوانیت لەبەر داكەنن و بتخەنە ناو چاڵێكی تەنگ و تاریك كە لەناو گۆڕدایە، ڕاستی لەو ڕۆژەدا كارەبا و ڕۆشنایی لەبیربكە، هەتا درز و بۆشاییە بچوكەكانیش بە خشت و قوڕ ئەگرن و ئەبەستن، هاوڕێ و براو هەتا هاوسەری ئا‌زیزت كە لەهەموو كاتە سەختەكاندا ‌لەگەڵتدا بووە بەجێت ئەهێڵێ بەتەنیا، تەنانەت لە گۆڕ وجەستەكەت ئەترسێت ،دوای ئەوەی چاڵی قەبرەكە پڕ كرایەوە بە خۆڵ هەمووان ئەڵێن خودا لێی خۆش بێت و تەنها خۆت ئەمێنیتەوە لەناو‌ گۆڕەكە، بەتەنیا خۆت و كردەوەكانت، خۆت و نەكیرو مونكەر، تەنها خۆتی و خۆت.
دوای ئەوە، چەند ڕۆژێك پرسە،هەتا لەكاتی پرسەكەتدا كە بۆ ڕۆحی ڕۆشتووی تۆیە باس لە خراپەكاریەكانت و دابەش كردنی ماڵەكەت دەكرێ، دوای ئەمە تۆ لەبیر ئەكەن، بەڵام تۆ‌ ئێستا بەحاڵ و كردەوەوەی خۆتەوە گرفتاری، لێرە ئاگری سوتێنەر ئەبینی یان كۆمەڵە باخێكی سەوز و دڵگیر، ئەگەر خراپەكاربی لێرەدا بانگكەرێك، بەتۆ ئەڵێت خۆت وات لەخۆت كردو ئەمەت بەدەستی خۆت چاند، و ‌ئەگەر باش و چاك بیت خۆشگوزەرانی. بەڕاست، لەو ڕۆژەدا چ وەڵامێكی خودا ئەدەیتەوە كە دەربارەی تەمەنت بپرسێ؟ دەربارەی زمانت كە شایەتیت لەسەر ئەدات؟
دەربارەی كردەوە ڕەش و پیس و خراپەكانت كەبۆ ڕیسوایی تۆ پیشان ئەدرێن؟
دەربارەی ئەندامەكانت كە دەست ئەخەنە ناو دەست یەك بۆ شایەتیدان لەسەرت و لەناو بردنتت؟
بەڵێ ئەو ڕۆژە دێت، مەرگ دێت و چارەسەر و دەرمانی پزیشك دەربازت ناكا، و هاوار و گریانی دۆستان و ماڵەوەتیش هیچ دەورێكی نابێت. هەستە لەخەو، كە ‌ خانو و ڤێلا، پارەو واسیتە، ڕێگر نابن لە ‌گەیشتنی مەرگ پێت، لەوەیە بەیانیەكی دی بوونی نەبێت، كێ ناڵێت پێش تەواوكردنی ئەم كتێبە نامریت؟ بگەڕێوە بولای كاری چاكە و گوێڕایەڵی خودا،قورئان نوور و ڕۆشنایی گۆڕە و نوێژیش ڕێگەی كامەرانی و خۆشگوزەرانییە، ببەخشە بە هەژارەكان چونكە لەخەزێنەی دواڕۆژدا چاكەت بۆ ئەنوسرێ و هەڵ ئەگیرێ، ڕكاتێك نوێژی وەرگیراو بۆ كامەرانی ئاخیرەتت بەسە.
ئەتەوێت چەنێك بژیت؟ حەفتا ساڵ؟ هەشتا ساڵ؟ نەوەد ساڵ؟ سەد ساڵ؟ دووسەد ساڵ؟ هەزار ساڵ؟ دوای ئەوە چی؟ دوای ئەوە مردن و نەمان و دفن كردن، دوای ئەوە...قیامەت.
وەكو چۆن فریشتەی مردن (ملك الموت) هاتووەتە خزمەتی كەسانی تر بەهەمان شێوە دێتە خزمەتی تۆش، چونكە ژیان چەنێك بەردەوام بێت هەر بەمردن كۆتایی دێت، هەمووی ئەمرێت، چاكەكاران و خراپەكاران، لەخوا ترسان و گوناهكاران، پاڵەوانەكان و لاوازەكان ، ترسنۆكەكان و بوێرو نەترسەكان، ئەوانەی دونیایان خوشدەۆی و ئەانەی دواڕۆژیان خۆشەوی، هیمەت بەرزو بێ هیمەتەكان، هەمووی دەمرێت:
{كُلُّ مَنْ عَلَيْهَا فَانٍ ﴿٢٦﴾} الرحمن
واتە:هەرچی بەسەر پشتی زەویەوەیە، هەرهەموی لەناو دەچێ.
{كُلُّ نَفْسٍ ذَائِقَةُ الْمَوْتِ} آل عمران: ١٨٥ 
واتە:هەموو كەسێك بێ جیاوازی تامی مردن دەچێژێ.
ئەی بێئاگا، كەواتە سەیركە چۆن‌‌ هەمووان بۆلای ئەو ئەگەرێنەوە و تۆ بێئاگای، پێش تۆ كەسانێك ئەم ڕێگەیەی تۆیان گرتۆتەبەر،
تۆ ئاسا بە خۆبەزلزانی ،بەڕاست خۆبەگەورە زانین بەرامبەر بە كێ؟بەرامبەر پەروەردگارت؟ بەرامبەر ئەوەی كە تۆی لە نەبوونەوە دروست كرد؟ بە نوێژێك كە نایخوێنی وەكاتێك ئەیخوێنی بەسستی و لەكاتی خۆی لایداوە؟ بەكردەوەكانت كە هەمووی ڕیایە؟ بە ڕۆژوویەك كە پارشێوەكەی بە حەرام و بەربانگەكەشی بە غەیبەتە؟ بەو خوشەویستیەی كە بۆ پێغەمبەر پیشانی ئەدەیت و كردەوە بە سونەتەكانی ناكەی؟ بە دوعا و پاڕانەوەیەك كە بە زمان ئەیڵێی ، بەڵام ناگاتە دڵت؟
بەڕاستی بەرانبەرەكەت گەورە و بە دەسەڵاتە. 
وەرگیراوە لەبەرنامەی ((مردن لە دەرگا دەدا))