ڕێنمایی یەكانی پێغەمبەرمان ( ﷺ ) بۆ خۆ پارێزی لە فیتنەی دەججال

ڕێنمایی یەكانی پێغەمبەرمان ( ﷺ ) بۆ خۆ پارێزی لە فیتنەی دەججال

١- ناسینی پەروەردگارمان ناسینێكی ڕاست‌و دروست لە ڕوانگەی ئەو ناوو صیفەتانەی كە لە قورئان‌و سوننەتدا هاتووەو ئیمان هێنان پێ‌ی بەم شێوەیە. 
وە ناسینی صیفەتەكانی دەججال وەك لە حەدیسدا هاتوون.
جا لە بەراورد كردنی صیفەتەكانی دەججال، لەگەڵ صیفەتەكانی پەروەردگار، بۆمان دەردەكەوێت كە دەججال دروست كراوێكی عەیب داری ناتەواوە. بەڵام خوای گەورە دروست كارەو جوان‌و بەهێزو تەواوە.
بۆ نمونە:
• دەججال هەردوو چاوەكانی عەیب دارن‌و یەكێكیانی بەتەواوی كوێرە.
بەڵام پەروەردگارمان ئەو عەیبانەی نییە، وەك پێغەمبەر (صَلَّ اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرموی: (إنَّ الدجال أعور وإنَّ ربكم ليس بأعور ).
• پەروەردگار جوانەو تەواوە، وەك لە حەدیسدا هاتوە (إنَّ اللهَ جَمِيلٌ يُحبُ الجَمَال).
بەڵام دەججال ناشیرین‌و نارێك‌و ناتەواوە لە دەم‌و چاویدا، وە لە ڕۆیشتنیدا، وە لە سەرو قژیدا، وە لە هەموو ڕەفتارو ئاكاریدا.
• پەروەردگار دروستكاری هەموو بونەوەرە، بەڵام دەججال توانای چاك كردنەوەی تەنانەت چاوە كوێرەكەی خۆیشی نییە.
• پەروەردگار دروستكارو مرێنەری هەموو بونەوەرە، بەڵام دەججال ناتوانێت لە یەك كەس زیاتر بكوژێت‌و زیندوی بكاتەوە، وە بۆ جاری دووەم توانای كوشتنی ئەویشی نامێنێتەوە!. 
• كەس لە دونیا توانای بینینی پەروەردگاری نییە، بەڵام دەججالە یەك چاو خەڵكی موسڵمان‌و كافر لە دونیا دەیبینن.
٢- پەنا گرتن بەخوا لە فیتنەی دەججال، بە تایبەت لە نوێژدا، وە لە كاتی هاتنیشی. 
وەك پێغەمبەر (صَلَّ اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرمانی پێكردوین‌و لەسەری واجب كردوین كە لە هەموو نوێژێكدا دوای تەحیات‌و شایەتمان، پێش سەلام دانەوەی نوێژ بڵێین:
(اللهُمَّ إني أعوذ بك من عذابِ جهنم، ومِنْ عَذَابِ القبر، ومِنْ فتنةِ المحيا والممات، ومن فتنة المسيح الدجال) صحيح مسلم .
واتە: ئەی خوای ئێمە من پەنا بەتۆ دەگرم لە سزای دۆزەخ، وە لە سزای بەرزەخ (گۆڕ)، وە لە فیتنەو ئاشوبی ژیان‌و مردن، وە لە فیتنەی دەججال. ئیمامی (طاوس) كە لە گەورە تابیعیەكان بوو، وە پەنجا لە هاوەڵانی پێغەمبەری صَلَّ اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بینیبوو: فەرمانی بە كوڕەكەی دەكرد بە دووبارە كردنەوەی نوێژەكەی ئەگەر ئەو دوعایەی تێدا نەخوێندایە (١)!.
٣- لەبەر كردنی دە ئایەتی سەرەتای سوڕەتی (الكهف). وەخوێندنەوەیان كاتی بینینی دەججال.
وەك لە حەدیسدا هاتوە كە پپێغەمبەری خوا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: 
*(من حفظ عشر آيات من أول سورة الكهف، عصم من الدجال) أي من فتنته(٢). 
واتە: هەر كەسێك دە ئایەتی سەرەتایی سورەتی كەهف لەبەر بكات ئەوە لە فیتنەی دەججال پارێزراو دەبێت.
*(من أدركه منكم فلیقرأ علیه فواتح سورە الكهف)(٣).
واتە: هەركەسێ‌ گەیشت بە دەججال با سەرەتای سوڕەتی كەهفی بە سەردا بخوێنێتەوە.
وە خوێندنەوەی سوڕەتی كەهف بە گشتی زۆر خێرو بەسودە بە تایبەت لە ڕۆژانی جومعە (٤).
٤- ڕاكردن لە دەججال‌و دوركەوتنەوە لێی، چونكە شوبهەو گومانی زۆر دەخاتە دڵی زۆر لە موسوڵمانان و توشی گومڕاییان دەكات پەنا بەخوا. وە پێغەمبەرمان (صَلَّ اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرموویەتی: ( من سمع بالدجال؛ فَلْيَنْأَ عنه؛ فَوَالله إن الرجل ليأتيه، وهو يحسب أنه مؤمن، فيتبعه مما يبعث به من الشبهات أو لمـا
يبعث به من الشبهات)(٥).
واتە: (هەر كەسێ‌ بیستی دەججال دەركەوتوەو نزیك بۆتەوە، با لێی دووركەوێتەوە, چونكە سوێند بەخوا پیاوی وا هەیە كە دێت بۆ لای دەججال و لێی نزیك دەبێتەوە. وا لە خۆی ڕادەبینێت كە بڕوادارەو بە شوبهەكانی دەججال ناخەڵەتێت، بەڵام كە پێی گەیشت شوێنی دەكەوێت و پێی دەخەڵەتێت، بە هۆی ئەو هەموو شوبهەو گومانانەی كە دروستی دەكات لە دڵیداو ئەو دیاردە سەیرو گەورە نائاساییانەی (خوارق العادة) كە لێیەوە دەر دەكەون(٦).
٥- نیشتەجێ‌ بوون لە مەككە یا مەدینە، چونكە دەججال ناتوانێت بچێتە ناو ئەم دوو شارە بەڕێزەوە. وەك لە حەدیسدا هاتووە.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە كە تەنها نیشتەجێ‌ بوون لەم دوو شارە، نابێتە پارێزەری مرۆڤ لە دەججال، ئەگەر ئیماندارێكی خوا بە تەنها پەرستی ڕاست نەبێت, چونكە كەسانێكی زۆر لە ئەهلی ناو مەدینە لە كاتی نزیك بوونەوەی دەججال لە مەدینە، لە شار دەچنە دەرەوە بۆ لای دەججال و ئیمانی پێ‌ دەهێنن, چونكە ئیمانداری ڕاست نەبوون و مونافیق و دوو ڕوو بوون!. كەواتە نیشتەجێ‌ بوون لە دوو شارە پارێزراوەكە هۆیەكی سەرەكی نی یە بۆ خۆ پارێزی لە دەججال، بەڵكو هۆی سەرەكی ئیمان و كردەوەی چاك و زانیاری ڕاستەقینەیە.
(١) بڕوانە شرح مسلم للنووی.
(٢) رواه مسلم.
(٣) رواه مسلم.
(٤) بڕوانە صحیح الجامع الصغیر (٦٣٤٦).
(٥) رواه أحمد وأبو داود، بڕوانە: صحیح الجامع الصغیر وزیادته (٦١٧٧).
(٦) كەواتە پێویستە مرۆڤی موسوڵمان دوركەوێتەوە لە هەر شتێك كە شوبهەی تێدابێت وگومانی بۆ دروست بكات لە دین و بیرو باوەڕەكەیدا. وە لەبەرئەوەیە زانایانمان فەرمویانە دروست نییە لای بیدعەكاران (أهل البدع) دابنیشیت و گوێیان لێ‌ بگریت و نوسراویان بخوێنێتەوە. كەواتە وریابەو بە زانیاری و ئیمانی خۆت مەنازەو مەخەڵەتێ‌.