بەلاش خانە لە چییەوە هاتووە؟!
زۆرجار لێرە و لەوێ و لەکاتى گفتوگۆدا وشەیەکمان هەیە بەکاری دێنین، ئەویش ئەوەیە: خۆ بەلاش خانەم دانەناوە!!
ئایا ئەزانى ئەم وشە لە چییەوە هاتووە؟!
وشەى (بەلاش) وشەیەکی کوردییە و لە فەرهەنگەکاندا بە هاوواتاى (موفت و خۆرایی) هاتووە. هەرچی وشەى (خانە)، لە وشەى فارسییەوە وەرگیراوە و بەواتاى (شوێنی پشوودان). بەمەش وشەى (بەلاش خانە) دەبێتە: (شوێنی مانەوە بەخۆرایی).
لەمێژوودا باس لە (خان) و (مسافرخانە)کان کراوە کە بە کرێ (گەشتیار و بازرگانەکان) تێیدا ماونەتەوە. جا دەوترێ: لەنێو هۆزە دیارەکانى عێراقیش ئەم دیاردەیە هەبووە، بەتایبەت لەنێو هۆزەکانى (نەینەوا) و (فوراتى ناوەراست)دا، جا باس لە بەخشندەیی سەرۆک هۆزێک ئەکرێت بەناوى (نەسر فەیسەڵ) کەوا شوێنی مانەوەى بەلاشی بۆ میوان و رێبوار و بازرگانەکان تەرخان کردووە، لەگەڵ پێدانى فانویش بۆ روناکیان. مێژووى ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ دەیەکانى سەدەى رابردوو و بەر لە جەنگی جیهانی یەکەم. بەمەش خزمەتێکی یەکجار زۆری بە هۆزەکانى (سوریا) و (ئوردن) کردووە کەوا وەکو رێبوارێک رویان لەو ناوچانە کردووە.
ئەشێت ئەمەش گوازرابێتەوە و وردە وردە بووبێتە رستەیەک بۆ شتێک کە مەبەست پێی ئەوە بێت: بەبێ هیچ پارەیەک خزمەت بە بەرامبەر بکەیت، وەکو نمونەیەکی سەخاوەتى و خواپێداوى بۆ کەسانی کەم دەرامەت.